فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دوازدەیەمین خولی هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆتایی پێ هێناوە.
بەپێی بەیاننامەکەی سێنتکام، لەم ئۆپەراسیۆنەدا توانای دەریایی، کۆگاکانی مووشەک و دڕۆن، ناوەندەکانی چاوەدێریی کەناراو و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەکانی شاباد، کرماشان، ئەهواز، رامشیر، ئەندیمێشک، دەروازەی سنووریی شەلەمچە، بووشێهر، ماهشەهر، دێزفوول، سەربەندەر و سیریک کراونەتە ئامانج.
سێنتکام جەختی کردەوە ئەم هێرشانە توانای تاران بۆ پەلاماردانی کەشتییە بازرگانییەکان بەتەواوی لاواز دەکەن.
هاوکات لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی، تا ئێستا ڕێڕەوی ٩ کەشتیی بازرگانی گۆڕدراوە و کەشتییەکیش لەکار خراوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ئامادەباشیی تەواودان.
لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە کە ئەرتەشی وڵاتەکەی بۆ یەکەم جار بۆمبهاوێژی "B-1"ی بۆ بۆردومانکردنی بنکەکانی سپای پاسداران بەکار هێناوە؛ هەنگاوێک کە ئاماژەیەکی ڕوون بۆ پەرەسەندنی بەرچاوی ئاستی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکایە.