کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکان دوو نەوتهەڵگری عەرەبستانیان کردە ئامانج

09:11 - 1 گەلاوێژ 2726

لە دوای هەڕەشەی حوسییەکان و داخستنی دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب بە ڕووی عەرەبستاندا، لە نوێترین هەوڵی شەڕەنگێزیی ئەو گرووپەدا بە مووشکەک دوو نەوتهەڵگری عەرەبستان کرانە ئامانج.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی گەلاوێژ، گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند: "دوو نەوتهەڵگری عەرەبستانمان بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆی دەریاییەوە بە مووشەک و دڕۆن لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج".

ئەو گرووپە ڕاشیگەیاند: "بەهۆی ئەو هێرشەوە ١٠ کەشتیی دیکە ڕێگەی خۆیان گۆڕیوە".

هەتا ئێستا لە چەندایەتیی زیانە گیانی و ماڵییەکانی ئەو هێرشە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

یەحیا سەریع، وتەبێژی گرووپی حوسییەکان، ئەو هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەی دژ بە کەشتی و نەوتهەڵگرەکانی عەرەبستانی بە بەشێک لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی دژ بەو وڵاتە زانی.

سەریع هەروەها هەڕەشەی کرد کە ئەگەر عەرەبستان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجام بدات، هێرشی پێچەوانەی توند دەکەنە سەریان.

لە بەرانبەردا، عەرەبستان لەوبارەوە ڕایگەیاند: "بۆ پاراستنی کەشتییەکانمان، هەوڵی ڕێکاری یاسایی پێویست بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان دەگرینەبەر".

لەو پێوەندییەدا، ناوەندی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بریتانیاش باسی لە هێرش بۆ سەر نەوتکێشێک لە نزیکی کەناراوەکانی ئەلشەقیقی عەرەبستان کرد.

ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی نێوان حوسییەکان و عەرەبستان هاوکاتە لەگەڵ شەڕی ئەمریکا و ڕێژیمی ئیران و ئەوەش نیگەرانیی زۆری لەبارەی گرفتی جیددی لە پڕۆسەی کەشتیوانی و ڕاگواستنی وزە لە دەریای سوور لێ کەوتووەتەوە.

هەڕەشە و هێرشی حوسییەکان بە بڕیاری ڕێژیمی ئێران جێبەجێ دەکرێت و بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێشتر بەو گرووپەیان ڕاگەیاندبوو هەوڵەکانیان بۆ بەستن و گەمارۆی دەریایی دژی عەرەبستان بخەنەگەڕ.