کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکان؛ هێرشی دڕۆنی بۆ سەر هەولێر و وڵاتانی دراوسێ

09:46 - 1 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی هێرشە سنووربەزێنەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو، شەوی ڕابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەولێر، کوەیت و ئۆردۆن کرانە ئامانجی هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکانی ئەو ڕێژیمە.

شەوی چوارشەممە، ٣١ی پووشپەڕ، لە ڕێگەی چەند دڕۆنێکەوە هێرش کرایە سەر هەولێر، بەڵام سەرجەم دڕۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە لە ئاسماندا تێکشکێندران.

بەپێی زانیارییەکان، هیچ کام لەو دڕۆنانە نەگەیشتووەتە ئامانجەکەی و ئۆپەراسیۆنەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سپای تێرۆریستیی پاسداران و ئەرتەشی ڕێژیم ئێران ئیدعایان کرد کە بەرەبەیانیی پێنجشەممە ١ی گەلاوێژ، بە دڕۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوەیت؛ لەوانەش پایگای ئاسمانیی "علی ئەلسالم"، پادگانی "ئەلعەدیری"، "ئەلدۆحه" و "عەریفجان".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەیان، ئامانجی هێرشەکان وێرانکردنی کۆگای تەقەمەنی، شوێنی دڕۆن و هێلیکۆپتێرەکان، سیستمی پاتریۆت و شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازانی ئامەریکا بووە.

هاوکات سپای تێرۆریستیی پاسداران بڵاوی کردەوە کە لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە ئۆردۆن، بنکەیەکی ئەمریکایان کردووەتە ئامانج و ڕاداری سیستمی بەرگریی "تاد"(THAAD)، ڕاداری "C-RAM" و کۆگاکانی سوتەمەنییان پێکاوە.