کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕویتێرز: گومان لە ڕۆڵگێڕانی ڕووسیە لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی CIA دەکرێت

10:19 - 1 گەلاوێژ 2726

هەواڵدەریی "ڕویتێرز" لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە کە واشنگتۆن لێکۆڵینەوە لە ئەگەریی ڕۆڵی ڕووسیە لە هێرشە دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی ڕێکخراوی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لە ناوچەی کەنداو دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، شرۆڤەکارە ئەمریکاییەکان تاوتوێی ئەوە دەکەن ئایا مۆسکۆ زانیاریی هەواڵگری یان تەکنەلۆژیی پێشکەوتووی دڕۆنی بۆ پێكانی وردی ئەو ئامانجانە داوەتە تاران یان نا.

هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا هێشتا نەگەیشتوونەتە بڕیاری کۆتایی، بەڵام ئاستی وردبینیی هێرشەکان و پشتیوانییە تەکنیکییەکانی ڕووسیە وەک بەڵگەی سەرەتایی سەیر دەکرێن.

پێشتر سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی سەبارەت بە یارمەتیی هەواڵگری ڕێژیمی ئێرانی نەدابووەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە مانگی مارسدا لانیکەم دوو بنکەی "CIA" کراونەتە ئامانج؛ لەوانەش وێستگەیەک لەنێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕیاز و سایتێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی عێراق.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە چەندین دامەزراوەی دیکەی هەواڵگریی ئەمریکاش ڕووبەڕووی هێرشی هاوشێوە بوونەتەوە.