لە درێژەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکانی ئێران لەمەڕ نادادپەروەری، هەڵاواردن و پێشێلکرانی مافەکانیان، دوو کەمپەینی خوێندکاریی ١٣ هەزار کەسی دژی سیاسەتەکانی وەزارەتی زانست لەمەڕ هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ خوێندکاران و جێبەجێکردنی گەڵاڵەی نوێی لابردنی ژەمە خۆراکی زانکۆکان وەڕێ خران.
ڕۆژی سێشەممە ٩ی پووشپەڕ، واژۆکەرانی ئەو کەمپەینە، بە ئاماژەدان بە بانگکرانی سەدان خوێندکار بۆ کۆمیتە ئینزباتییەکان و سەپاندنی سزای دەرکران، هەڵپەساردن و بێبەشکران لە خوێندن بەسەر خوێندکاران لە دوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی مانگی بەفرانبار، خوازیاری هەڵوەشانەوەی ئەو سزایانە بوون.
لە بەیاننامەی ئەو کەمپەینانەدا هاتووە کە بەشی هەرە زۆری ئەو سزایانە، نادادپەروەرانە و نایاسایین.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا، ڕەخنەی توند لە لابردنی ژەمە خۆراکییەکان گیراوە و خوێندکاران هۆشدارییان بە وەزارەتی زانستی ڕێژیم دا کە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئابووری، هەڵاوسان و تێچووی زۆری خوێندن، ئەمنییەتی خۆراکیی خوێندکاران کەوتووەتە مەترسییەوە.
هەروەها خوێندکاران پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە بە توندی دژی نایەکسانی و هاتنەخوارەوەی چۆنایەتیی خۆراکی زانکۆکان دەوەستنەوە.