وەزیری دەرەوەی بەحرەین ڕایگەیاند هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و ئەوەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی دەکات کە خەلکی ئاسایی نەکردووەتەوە ئامانج، درۆیە.
عەبدولـلەتیف ئەلزیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین، ڕایگەیاند شۆرای ئاسایشی نێونەتەوەیی بە مەبەستی مەحکوومکردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە کۆ دەبێتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە و هەموو دامەزراوە غەیرەسەربازی و پیشەییەکانی لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.
ئەلزیانی ئەو کردەوانەی ڕێژیمی تارانی بە تاوانی شەڕ لەقەڵەم دا.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچەی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاسایی تاوانکاریی دژی مرۆڤایەتییە و ئەوەی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی دەکات، درۆیە.
ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاند ئەگەری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتێکی دیکە کێشەی هەیە، بۆچی هێرش دەکاتە سەر وڵاتی سێهەم.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین بەرەبەیانیی ڕۆژی ٦ی پووشپەڕ، ڕایگەیاند لەلایەن چەند دڕۆنێکی ڕێژیمی ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەر خاکەکەی و ئەو هێرشانەی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانی و هەڕەشەیەکی ڕوون بۆ سەر ئەمنییەتی هاووڵاتییان و دانیشتووان و پێشێلکردنی نەریت و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ناو برد و بەتوندی مەحکوومی کرد.