کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: لە بەرانبەر هەر هێرشێکدا وێستگەیەک یان پردێک دەڕووخێنین

10:21 - 1 گەلاوێژ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشەکانی بۆ سەر کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.

ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند لەمەودوا هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان بە مووشەک، دڕۆن یان هەر چەکێکی دیکە بێت وڵامەکەی بۆردومانکردن و وێرانکردنی پردێک یان وێستگەیەکی بەرهەمهێنان دەبێت لە نێوخۆی ئێران، بەتایبەت لە تاران و دەوروبەری پایتەخت.

ئەم هۆشدارییەی ترامپ لەکاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران لەسەر ئەمنییەتی دەریایی گەیشتووەتە لووتکە.

هاوکات سەرۆککۆماری ئەمریکا، کۆشکی سپیی بەرەو پایگای ئاسمانیی "دووڤەر" بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی ئەو سەربازە ئەمریکاییانەی لە شەڕ لەگەڵ ئێران کوژراون بەجێ هێشت.

ترامپ ئەو سەربازانەی بە قارەمانی گەورە ناو برد و جەختی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران باجێکی قورسی کوشتنی سەربازانی ئەمریکا دەداتەوە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی پێ نادەن دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.