ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی فەرمییەوە بڵاوی کردەوە کە ئەمریکا بە مەبەستی پێدان و فراوانکردنی بژاردە سەربازییەکانی بەردەم دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، سەرقاڵی گواستنەوەی هێز، چەک و کەرەستەی پزیشکیی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم زیاتربوونی دواییەی هێز و پێداویستییە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە ترامپ تاوتوێی بەرفراوانکردنی ئاستی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکان دژی ئێران دەکات.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەپێی داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی فڕین و ڕاگەیەندراوەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە بنکەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە ڕەوانە کراون.
هەروەها چەندین سکادرانی فڕۆکەی شەڕکەری جێت لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا جێگیر کراون.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێک ڕایگەیاندووە کە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و بریتانیا، بە مەبەستی زیاتربوون و چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە ناوچەکەدا خراونەتە ئامادەباشیی تەواوەوە.