کەمپەینی ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران لەبارەی دۆخی کارەساتباری مانگرتووان لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج و دەستگردی ئێسفەهان هۆشداریی جیددی دا و ڕایگەیاند: "مەترسیی لەسێدارەدان و مردنیان لەسەرە".
ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی پووشپەڕ، ئەو کەمپەینە وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەمەڕ دۆخی نالەباری بەندکراوانی قزڵحەسار و دەستگرد، داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ئورووپایی و ڕۆژاوایی کرد کە هەوڵەکانیان بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان و ڕێگری لەو کارەساتە مرۆییە بەبێ دواخستن بخەنەگەڕ.
ئەو ناوەندە ناحکوومییە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سەرنجی وڵاتانی جیهانی بە گرژییە ناوچەییەکان، ئەو دەرفەتەی بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی داوە کە بە بێدەنگی لەسێدارەدانی جیابیران و دژبەرانی خۆی وەک کەرەستەی سەرکوتی سیاسیی پەرە پێ بدات.
هەروەها لەو بەیاننامەدا هاتووە کە "لە کاتێکدا کە بە تێپەڕبوونی هەر ڕۆژ لە مانگرتن، دۆخی تەندروستیی بەندکراوانی مانگرتووی دەستگردی ئێسفەهان زیاتر تێک دەچێت، مەترسیی لەسێدارەدانیشیان هەر لەسەر جێی خۆیەتی".
بەندکراوانی یەکەی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەساریش لە ٢٢ی پووشپەڕەوە بەنیسبەت ناڕەزایەتیی بە شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانەکان و ئەگەری لەسێدارەدانی ٦ بەندکراوی دیکە، مانیان لە خواردن گرتووە.
ئەو نیگەرانییانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین بەندکراو لە سەرانسەری ئێراندا لە سێدارە دراون.
کەمپەینی ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن چەند بەندکراوێکی سیاسیی پێشووە دامەزرا و بنکەی سەرەکییان لە بریتانیایە.