دەوڵەتی بریتانیا ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی پووشپەڕ ڕایگەیاند بە هۆی ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ئەمنییەتی، کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتەی لە ئێران بە شێوەی کاتی لە وڵات هێناوەتە دەرەوە.
لەندەن وتی ئەم هەنگاوە خۆپارێزی بووە و باڵیۆزخانە هەروا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی خۆی.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەوڵەتی بریتانیادا هاتووە کە توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە کۆنسوڵییەکان لە ئێران زۆر سنووردار بووە و لە بارودۆخی نەخوازراودا ئەگەری هاوکاریی ڕاستەوخۆ شتێکی ئەستەم دەبێت.
هەروەها داوا لە هاوڵاتییانی بریتانیایی لە ئێران کراوە بۆ ئەگەری تێکچوونی گەشتەکان، هەڵوەشاندنەوەی فڕینەکان و داخرانی کاتیی ئاسمانی وڵات ئامادە بن.
ئەم بڕیارە دوای زیاتربوونی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و هەڕەشەی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە وڵامی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئەگەری هێرشەکانی ئێران دژی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز ڕاگەیەندرا.
لەندەن هەروەها بەرانبەر بە مەترسیی ئاڵۆزبوونی زیاتری پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا ئاگاداری دایەوە.