کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارکۆ ڕوبیۆ: ئێران لە دۆخێکی دژواردایە

10:50 - 1 گەلاوێژ 2726

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە پێداگرییەوە ڕایگەیاند کە دۆخی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر دژراوە و ئەگەر تاران هاوکاری نەکات، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بژاردەی زۆری لەبەر دەستدایە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی پووشپەڕ، مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لە پێتەختی فیلیپین ڕایگەیاند: "ئێران پێبەندی ئەو بەڵێنییانەی نەبووە کە لە لێکتێگەیشتننامەدا واژۆی کردبوو".

ڕۆبیۆ باسی لەوەش کرد کە کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی لێکتێگەیشتننامەی ئیسلام ئاباد بووە، بەڵام ئێران پێشێلی کرد.

ناوبراو وتیشی: "ئێران کەشتییەکانی لە ڕێگەئاویی نێونەتەوەییدا کردووەتە ئامانج و تاران بەپێی ئەو لێکتێگەیشتننامەیە، نابێت هێرش بکاتە سەر هیچ کەشتییەک".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەرگریی توند لە ئازادیی کەشتیوانیی گەرووی هۆرمۆز دەکات و توانایی سەربازیی ئێران بەتەواوی لەنێو دەبات، ئەو تواناییەی کە هەڕەشە و مەترسین بۆ سەر ئەمنییەتی کەشتیوانی".

ئەمریکا لە ماوەی ١٢ ڕۆژی ڕابردوودا بۆ ئەو مەبەستە، دەیان بنکەی گرنگیی سەربازیی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت لە پارێزگاکانی باشووری ئێران و دەوروبەری گەرووی هۆرمۆز کردووەتە ئامانج و زیانێکی زۆری بە هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم گەیاندووە.