بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەند هاونیشتمانییەک لە شنۆ، مەهاباد، کامێران، قەسری شیرین و سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە بەبێ هۆکار و لە کاتی جیاوازدا دەسبەسەر کراون و سزای قورسیان بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی ئاڵکاوێی شنۆ بە ناوی ئارمان ئیبراهیمی کە پێشتر سزای ساڵێک بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.
ئەو هاونیشتمانییە پێشتر لە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣دا، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزی سەرکوتکەری ڕێژیمەوە لە شنۆ دەسبەسەر کرا.
هەروەها کوردپا لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا باسی لە دەسبەسەرکرانی هاونیشتمانییەکی دیکە بە ناوی محەممەد مورادی خەڵکی شاری مەهاباد کردووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی پووشپەڕ ئەو هاونیشتمانییە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد بانگ کراوە و دوای دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردپا، کەرەستەی تاکەکەسیی ناوبراو وەک مۆبایلەکەی و چەند کەرەستەی دیکە دەستی بەسەردا گیراوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هەنگاو"، ڕامین مەحموودی هاونیشتمانیی خەڵکی کامێران، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و چارەنووسی ئەو دوو لاوە کوردە لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە سەپاندنی سزای پێبژاردنی نەختی بەسەر هاونیشتمانییەکی ژن و خەڵکی شاری قەسری شیرین کردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە، شیوا زارعی، چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسی کورد و خەڵکی شاری قەسری شیرینی کرماشان، لەلایەن هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە سزای پێبژاردنی نەختیی ۵۰ میلیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی هەنگاو، هاونیشتمانییەکی دیکە بە ناوی تۆفیق ئەخەوان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە شاری سنە دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
شایانی باسە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆڵبەرێکی خەڵکی ناوچەی کۆتۆل بە ناوی ڕەسووڵ قەلەندەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکەتکەرەکانی ڕێژیمەوە کوژرا.
هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە کۆڵبەرێکی تەمەن ٢١ ساڵی کورد بە ناوی ڕەسوول قەلەندەری، باوکی دوو منداڵی کەم تەمەن و خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ناوبراو سەرەتا بریندار کراوە و پاشان بە لێدانی سێ فیشەک لە سەری، بە شێوەیەکی ناخهەژێن کوژراوە.