بەپێی ڕاگەیاندراوی فەرمیی پارتی ئازادیی کوردستان، ئەندامێکی ڕێکخستنی گشتیی ئەو حیزبە بە ناوی سۆران محەممەدزادە شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینیی حەفتەی ڕابردوو لە هەولێر تێرۆر کراوە.
لەو ڕاگەیەندراوەی پارتی ئازادیی کوردستاندا هاتووە کە "هەڤاڵی شەهید سۆران محەممەدزادە، لەلایەن تیمێکی بەکرێگیراوی ئێرانەوە، دەست و تیری خەیانەت و جەنایەتی پێگەیشتووە".
هەروەها لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە "تێرۆری ئەو ڕۆڵەی کوردستان، ئاڵقەیەکی دیکە لە جەنایەت و تاوان و کوردکوژیی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانە کە بە درێژایی ١٠٠ ساڵی پێشوو لەلایەن حکوومەتەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامییەوە، بەردەوام بووە".
لە کۆتایی ئەو ڕاگەیاندراوە پێداگری لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە "پارتی ئازادیی کوردستان خوێن و تۆڵەی ڕۆڵەکانی نیشتمان لە ماکۆوە هەتا لوڕستانات لەبیر ناکات و هەمیشە وەک دەمارێکی ناسنامەی خەباتی، لەبەر چاویەتی".
شەوی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕ، تەرمی سۆران محەممەدزادە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان لە یەکێک لە هۆتێلەکانی هەولێر بە کوژاوی دۆزرایەوە و بەپێی زانیارییەکان ناوبراو بە چەکی سارد و گەرم کرابووە ئامانج.