مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەی ڕێککەوتنی ڕاستەقینە نییە، بەڵام بەهۆی زیادبوونی هێرشە شەوانەکانی ئەمریکاوە بەزوویی ناچار بە ڕێککەوتن دەبێت.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەی "ئا سێ ئان" لە مانیل، رۆبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە تاران هەمیشە ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکات، بەڵام جەختی کردەوە کە باجی ڕەفتارەکانیان هەموو شەوێک سەختتر دەبێت.
لە وڵامی لێدوانەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم سەبارەت بە پەیوەندیی "چاو بەرانبەر چاو"، ڕۆبیۆ وتی: "سیاسەتی دۆناڵد ترامپ بریتییە لە سەر بەرانبەر چاو."
ناوبراو ئاشکرای کرد کە ژێرخانی ئابووری و بەرگریی ئێران بەسەختی وێران بووە و سەرەڕای لێدوانە توندەکانیان، ڕۆژانە لە ڕێگەی وڵاتانی سێیەمەوە داوای دانوستان دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەواڵەکانی تایبەت بە بوونی ناکۆکی لەنێو کابینەکەی ترامپی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند ترامپ بڕیاردەری سەرەکییە.
ڕۆبیۆ هەروەها جەختی کردەوە کە نیگەرانیی سەرەکیی واشنگتۆن ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمییە، نەک گۆڕینی ڕێژیم، هەرچەندە بە بڕوای ترامپ خەڵکی ئێران شایەنی ڕێبەرییەکی باشترن.