بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، دوو کرێکاری خەڵکی ورمێ بەهۆی نەبوونی کەرەستەی ستانداردی خۆپارێزیی پارێزراوی کارەوە و لە کاتی کاری میوەچنینەوەدا گیانیان لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هێرانا"، دوو کرێکاری کورد و خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی شێرزاد نەبیزادە خەڵکی شارەدێی باڵاوی ورمێ و ١٥ ساڵان و پەرویز عەبدوڵڵایی خەڵکی ورمێ و باوکی سێ منداڵ لە کاتی کارکردندا بەهۆی کەمتەرخەمیی خاوەن کار و ئیدارەی پێوندیدارەوە گیانیان لەدەست دا.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو دوو هاونیشتمانییە لە یەکێک لە باخەکانی ناوچەی کەهریزی ورمێ خەریکی میوەچنینەوە بوونە و لە سەر دار کەوتووەتە خوارەوە و دەسبەجێ گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ناوەندی ئامارەوە لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا بڵاو کرایەوە، هاتووە کە لە ئێراندا لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٤ هەتا مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، زیاتر لە ٥٠ هەزار و ١٩ کرێکار بەهۆی نەبوونی پارێزراویی کارەوە یان گیانیان لەدەست داوە یان بریندار بوون.
لەکاتێکدا کە کرێکاران لە هەژاری و گوشاری ئابووریی بێوێنەدان، ڕێژیم تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی پارێزراوبوون لەبەرچاو ناگرێ و شوێنی کاریان کردووتە شوێنێکی مەترسیدار و مەرگهێنەر.
مەرگی بەردەوام لە شوێنی کار نیشان دەدات کە لە کۆماری ئیسلامیدا، "مرۆڤ" کەمترین بایەخی هەیە و ئەوەی کە گرینگترە، درێژەی سووڕی بەرهەمهێنان بە هەر نرخێک، تەنانەت بە نری گیانی کرێکارانە.