دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداری دا کە ئەگەر حوسییەکانی یەمەن جارێکی دیکە هێرش بکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، ئەمریکا کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیاری ئەم هێرشانە دەزانێت و هێرشی سەربازیی سەخت دژی ڕێژیمی ئێران و حوسییەکان ئەنجام دەدات.
ئەم هەڕەشەیەی ترامپ دوای ئەوە هاتنە ئاراوە کە حوسییەکان، کە گرووپێکی تێرۆریستیی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوەن، ڕۆژی چوارشەممە هێرشیان کردە سەر دوو کەشتیی عەرەبستان.
ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" ئاماژەی بە هێرشەکانی پێشووی ئەمریکا کرد و نووسیی: "ساڵێک پێشتر ئەمریکا بە سەختی بەرپەرچی حوسییەکانی دایەوە بەهۆی دەستوەردانیان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەریاییدا."
سەرۆککۆماری ئەمریکا زیادی کرد کە لە ماوەی رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ئێراندا، حوسییەکان هەڵسوکەوتی بەرپرسیارانەیان هەبووە، بەڵام ئێستا دووبارە دەستیان بە هێرش کردووەتەوە.
ترامپ جەختی کردەوە ئەگەر هێرشی وەها دووبارە ببێتەوە، ئەمریکا کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسیار دەزانێت، چونکە حووسییەکان هێزی نیابەتی ڕێژیمی ئێرانن.