ئەرتەشی ئیسرائیل لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە لەنێوبردنی فەرماندە و بکەرانی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبر، چەندین فەرماندە و چەکداری گرووپی تێرۆریستیی حەماسی لە غەززە کردە ئامانج و دەیان ژیرخانی سەربازی و توونێلی ئەو گرووپەشی خاپوور کرد.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ڕەوتی ئۆپەراسیۆنی کۆتایی ئەم حەفتەدا، ئەدهەم ئیبراهیم شەعباس نەسمان، سەرۆکی بەشی عەمەڵیاتیی تیپی نێوشاری حەماس کە فەرماندەیی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری لە ئەستۆ بووە، لە غەززە کردووەتە ئامانج و کوژراوە.
ئەدهەم ئیبراهیم لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل و بەدیلگرتنی خەڵکی ئاسایی ئیسرائیلدا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە و لە دژی خاکی ئەو وڵاتە، چەندین هێرشی خراپکارانەی ئەنجام داوە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، ئۆسامە کەماڵ شەحادە ئوبوو تەییم، فەرماندەی یەکەیەکی سەربازیی حەماسی کرایە ئامانج و لەنێو برا.
هەمان ڕۆژ لە ئۆپەراسۆنێکی دیکەدا، گەورە تێرۆریستی حەماس عەبدوڵڵا جەححا، فەرماندەی گرووپی دەریایی باڵی سەربازیی حەماس هاوکات لەگەڵ دوو فەرماندەی دیکەی ئەو گرووپە بە ناوی محەممەد ئەلهەواری فەرماندەی یەکەی عەمەڵیاتی لە گوردانی زەیتوون و سەبەحییەئەڵڵا، بەرپرسی دیدەبانیی هەمان گوردان کوژرا.
لە درێژەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، چەندین چەکداری گرووپی تێرۆریستیی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین لەلایەن شاباک و ئەرتەشی ئیسرائیلەوە شناسایی کران و کوژران.
گرووپی تێرۆریستیی حەماس سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرووپێکی چەکداری، ئیسلامی و نەتەوەیی فەلەستینییە، لە ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن شێخ ئەحمەد یاسینەوە دامەزراوە و لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە هاوکاریی مادی و لۆجستیکی دەکرێت و دەیان وڵاتی جیهانی و ناوچەیی بە "گرووپێکی تێرۆریستی" دەزانن.