کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەککەوتنی نەوتهەڵگرێکی گەمارۆدراوی تۆڕی شەمخانی لە گەرووی هۆرمۆزدا

10:17 - 12 پووشپەڕ 2726

چاوەدێرانی دەریایی ڕایانگەیاند، نەوتهەڵگری "ئاڕیستا" بە ئاڵای "کۆمۆر"ەوە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی سەر بە محەممەدحوسێن شەمخانییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، لە گەرووی هۆرمۆزدا چەقیوە.

ئەم ڕووداوە ئاماژەیە بۆ بەردەوامیی چالاکییەکانی ئەڵقەیەکی قاچاخچییەتیی سەر بە تاران و هاوکات سپای پاسداران ئەم کەشتییەی وەک تانکەرێکی بیانی وەسف کردووە کە لە ڕێڕەوی پێشنیارکراوی ئەمریکادا تووشی ڕووداو بووە.

تۆڕی شەمخانی لە چوارچێوەی کەمپەینی گوشاری زۆرینەی دەوڵەتی ترامپ لە ساڵی ٢٠٢٥دا، کەوتە ناو لیستی گەمارۆ بەرفراوانەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداری ڕایگەیاندبوو کە بنەماڵەی شەمخانی پێگەی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی سەرمایەی زەبەلاح بەکار هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی واشنگتۆن، ئەم تۆڕە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران و ڕووسیەی بۆ کڕیارانی جیهان دەگواستەوە و دەیان میلیارد دۆلار قازانجی هەبووە.

محەممەدحوسێن شەمخانی بە سوودوەرگرتن لە دەستڕۆشتوویی باوکی، عەلی شەمخانی، ئەم ئیمپراتۆرییەی دامەزراندبوو کە بەشێکی بەرچاوی هەناردەی نەوتی خاوی ئێرانی کۆنتڕۆڵ دەکرد.