کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام کۆتاییهاتنی سێزدەیەمین شەوی هێرشەکانی بۆ سەر ئێرانی ڕاگەیاند

10:03 - 2 گەلاوێژ 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند، سەعات ٤:٣٠ی بەرەبەیانیی هەینی ٢ی گەلاوێژ، سێزدەیەمین شەوی لەسەریەکی هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ هێناوە.

بەپێی بەیاننامەکەی سێنتکام، ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، کۆگاکانی دڕۆن، تۆڕەکانی پەیوەندی، سایتەکانی چاوەدێریی کەناراوی و تواناکانی دەریایی لە شار و ناوچەکانی ئەهواز، ئەندیمشک، ئومێدییە، حەمیدییە، خوڕەماوا، برووجێرد، تەفت، جیرۆفت، بەندەرعەباس، ناوچەکانی باشووری دوورگەی قشم، خەنداب، خوڕەمشار، نائین، جاسک، کۆنارک، پیرانشار و زیباکێناری گیلان کراونەتە ئامانج.

جێگری ئەمنییەتی و ئینتزامیی ڕێژیم لە پارێزگاری خووزستان ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند خاڵێک لە دەوروبەری شاری ئەهواز، ٤ کەس کوژراون و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمریکا ئامانجی ئەم هێرشانەی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەسەر کەشتیوانیی مەدەنی لە گەرووی هۆرمۆز گەڕاندووەتەوە.

سێنتکام جەختیشی کردووەتەوە کە بەپێچەوانەی هێرشەکانی سپای پاسداران، گەرووی هۆرمۆز هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە و کەشتییە بازرگانییەکان بە پاڵپشتیی ئەرتەشی ئەمریکا بەردەوامن لە هاتوچۆ.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکایی لە ئێستادا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خەریکی چالاکین.