کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: تاوتوێی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاو دژ بە ئێران دەکەم

10:16 - 2 گەلاوێژ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ڕایگەیاند، بە جیددی سەرقاڵی تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازیی بەربڵاو بۆ سەر ئێرانە، کە ئاستەکەی لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی" گەورەتر دەبێت. ترامپ جەختی کردەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام بۆ ئەنجامدانی بە تەواوی ئامادەن.

سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر داوا لە ئیسرائیل بکات، دەستبەجێ بەشدار دەبێت، بەڵام جەختی کردەوە ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنی نوێ پێویستی بە کەس نییە.

ترامپ هاوکات باسی لەوە کرد کە ئێرانییەکان دەیانەوێت دانوستان بکەن بەڵام هێشتا ئامادەی ڕێککەوتن نین و بەپێی پێویست دەرد و ئازاریان نەچێشتووە.

لەلایەکی ترەوە، محەممەدباقر قاڵیباف لە کاردانەوەیەکدا ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی ١٠٠ دۆلار کرد و نووسیی، واشنگتۆن ویستی ئێران سزا بدات بەڵام بە نەوتی سێ ڕەقەمی خۆی سزا دا.

ئەمریکا لە ماوەی نزیک دوو حەفتەی ڕابردوو بە مەبەستی لاوازکردنی توانای ئێران و ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز، هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ڕێژیمە چڕتر کردووەتەوە.