کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران پێش هێرشەکانی حوسییەکان فەرماندە و کەلوپەلی سەربازیی ڕەوانەی یەمەن کردووە

10:20 - 2 گەلاوێژ 2726

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوی کردەوە کە تاران پێش هێرشەکانی ئەم حەفتەیەی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی عەرەبستان، فەرماندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و کەلوپەلی پەیوەندیدار بە مووشەک و دڕۆنی بۆ یەمەن گواستووەتەوە.

ئەم میدیایە لە سەرچاوەکانی خۆیەوە ڕایگەیاند کە لە نێوان ١٠ تا ٢١ کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران، کە فەرماندەی باڵایان تێدا بووە، لە ١٣ی ژوئیە بە فڕۆکەیەکی شیرکەتی "ماهان ئەیر" لە تارانەوە چوونەتە یەمەن.

سەرچاوەیەک بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە: "فەرماندەکانی سپای پاسداران بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی حوسییەکان و ڕاهێنان لەسەر سیستمە مووشەکییە نوێیەکان سەفەریان بۆ ئەو وڵاتە کردووە."

ئەم زانیارییانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو لە هێرشەکەی سەرەتای ئەم حەفتەیەی حوسییەکان بۆ سەر دوو کەشتیی عەرەبستان زۆر بێ‌هیوا بووە و هۆشداریی داوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی ئەم ئاڵۆزییانە دەزانێت.