کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆڵکردنی سێ باڵیۆزخانەی ئورووپایی لە تاران هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان

10:49 - 2 گەلاوێژ 2726

هاوکات لەگەڵ توندبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا، وڵاتانی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکانی خۆیان لە ئێران بردە دەرەوە.

میدیایەکی ئاڵمانی ڕۆژی پێنجشەممە ١ی گەلاوێژ بڵاوی کردەوە کە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئاڵمان لە تاران خاکی ئێرانیان بەجێ هێشتووە.

هاوکات، سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوە کردووە کە فەرانسەش بەهۆی نیگەرانی لە زیاتربوونی ئاڵۆزییەکان، بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە تاران کشاندووەتەوە.

پێشتر بریتانیا بە فەرمی ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەتییەوە، کارمەندانی بریتانیایی باڵیۆزخانەکەیان بە شێوەیەکی کاتی کشاندووەتەوە، بەڵام کارەکانی باڵیۆزخانە لە دوورەوە بەردەوام دەبن. هەروەها لە داوای لە هاوڵاتییانی خۆی کردووە سەفەری ئێران نەکەن.

ئەم هەنگاوەی سێ وڵاتە ئورووپاییە لە کاتێکدایە کە ڕابردووش پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەشێک لە باڵیۆزخانەکان هەنگاوی هاوشێوەیان گرتبووە بەر.