دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مووساد) ڕۆژی پێنجشەممە ١ی گەلاوێژ ڕایگەیاند، بە هاوکاریی ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆ "شینبێت" و دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی چەند وڵاتێک، هەوڵێکی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ ڕەوانەکردنی شانەیەکی تێرۆریستی بە مەبەستی تێرۆرکردنی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل پووچەڵ کردووەتەوە.
بەیاننامەکەی مووساد ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆڕەکە پشتی بە تاوانبارانی بیانی بەستووە؛ لەوانە هاوڵاتییەکی نیشتەجێی فەرانسە بە ناوەی "تِرۆت ئۆزکۆر" (ناسراو بە فیلیپ)، کە لە ڕێگەی دوو ناوبژیوان لە نێوخۆی ئێران و بە ڕێنمایی چوار ئەفسەری وەزارەتی ئیتلاعات هان دراوە بۆ دروستکردنی شانەی ئۆپەراسیۆنی و کۆکردنەوەی زانیاری.
بەپێی زانیارییەکانی مووساد، لە ماوەی ڕابردوودا دەیان تۆڕی هاوشێوە هەڵوەشێنراونەتەوە کە هەوڵیان داوە هاوڵاتییانی ئیسرائیلی و بیانی بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە ئیسرائیلی و جووەکان بەکار بهێنن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە یەکێک لە ئەفسەرە سەرەکییەکانی پشت ئەم پلانە بە ناوەی "ئەسەدوڵڵا بێهزاد ئەسخاری" کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ئۆپەراسیۆنە تێرۆریستییەکاندا هەبووە، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراوە.