کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری وزەی ئیسرائیل: هەر هێرشێکی ئێران بە وڵامێکی سەخت ڕووبەڕوو دەبێتەوە

13:48 - 2 گەلاوێژ 2726

ئێلی کۆهێن، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە ئاستی ئامادەیی ئەمنییەتی و سەربازیی وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

کۆهێن ئاماژەی بەوە کرد کە تێلاڤیڤ بۆ هەر سێناریۆیەک ئامادەیە و هۆشداریی دا: "ئەگەر ئێران تووشی ئەو هەڵەیە ببێت کە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بە هێزێکی سەختەوە وڵام دەدەینەوە."

ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدا دەردەبڕدرێت کە ناکۆکییەکان گەیشتوونەتە لووتکە و هاوکات کاناڵی "کان"ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد کە ئەمریکا بە فەرمی تێلاڤیڤی ئاگادار کردووەتەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران چڕتر دەکاتەوە و بۆ یەکەمجار بۆردومانکەرە قورسەکان بەکار دەهێنێت، کە پێدەچێت دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی سەرەکی لە پیکاکس بکەنە ئامانج.

هەروەها ماڵپەری "ئاکسیۆس" پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە دوو حەفتەی ڕابردوودا فڕۆکەی بۆمبهاوێژی بی٥٢ی بەکار هێناوە.

لە کاردانەوە بەم پێشهاتانە، ئیسرائیل ڕێکارە بەرگری و هێرشبەرییەکانی خۆی بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردووەتەوە و بۆ هەر ئاڵۆزییەک لە ناوچەکەدا ئامادەیە.