کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ خۆپیشاندەر لە چەند دۆسییەی جیاوازدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا

13:58 - 2 گەلاوێژ 2726

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕۆژی پێنجشەممە ١ی گەلاوێژ بڵاویان کردەوە کە دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیمی ئێران لە چەند دۆسییەی جیاوازدا سزای سێدارەی بۆ سێ کەس لە دەسبەسەرکراوان دەرکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، "ئەمیرحەسەن ئەکبەری‌مونفەرێد" تەمەن ۲۷ ساڵ لەلایەن لقی ۱۵ی دادگای ئینقلابی تاران بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە.

هاوکات ماڵپەڕی "دادبان" بڵاوی کردەوە کە "مێهنام نەواب‌سەفەوی" تەمەن ۲۲ ساڵ و گۆرانیبێژی ڕەپ، لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێسفەهانەوە بە تۆمەتی "موحاربە" و "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە.

دادبان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە "ئەحەد شکوهیان"، یەکێکی تر لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانباری ۱۴۰۴، لەلایەن لقی ۲٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سێ جار سێدارە مەحکووم کراوە.

دادبان جەختی کردووەتەوە کە زۆربەی ئەم سزایانە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و بێ بوونی بەڵگەی سەلمێنەر دەرچووە کە لە پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە دوورە.