کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مانگانەی هێرانا؛ بەرزبوونەوەی ئاستی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران

14:09 - 2 گەلاوێژ 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هێرانا" ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ مانگی پووشپەڕی ١٤٠٥ بڵاو کردەوە؛ ڕاپۆرتەکە وێنەیەک لە زیاتربوونی گوشار و پێشێلکارییە بەربڵاوەکان لە سەرانسەری ئێراندا دەخاتە ڕوو.

بەپێی ئامارەکانی هێرانا، لەم مانگەدا ۵۰ حاڵەتی پەیوەندیدار بە سزای سێدارە تۆمار کراون کە ٤٥یان جێبەجێکردنی حوکمەکان بووە، لەوانەش چەندین دەسبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴.

هاوکات سرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین بەردەوام بووە؛ ٥٧ هاوڵاتی دەسبەسەر کراون و دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ مانگ سزای بەندکرانی بۆ ٣٥ کەس بڕیوەتەوە.

لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزیشدا، توندوتیژییەکان ڕوویان لە هەڵکشان کردووە و ٨ ژن بەهۆی توندوتیژیی بنەماڵەییەوە کوژراون، ٤ مناڵ بوونەتە قوربانی و ۲ خۆکوژیی منداڵانیش تۆمار کراوە.

لە بەشی مافی کرێکارانیشدا، ١٨ کرێکار بەهۆی نەبوونی ئیمەنیی شوێنی کارەوە گیانیان لەدەست داوە و ۱۳۰ کرێکاریش لەسەر کارەکانیان دەرکراون.

جگە لەوانەش، لە ناوچە سنوورییەکاندا تەقەکردنی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بەردەوام بووە و بووەتە هۆی کوژرانی ٣ کۆڵبەر و ۲ هاووڵاتیی ئاسایی.

ئەم ڕێکخراوەیە هۆشداری دەدات کە ئەم دۆخە نیشانەی قەیرانێکی قووڵی مرۆییە و داوای هەڵوێستی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات.