کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەمریکا ناوەندێکی نوێی ڕاداری ئێرانی تەقاندووەتەوە و بە نهێنی کەشتییەکان ئیسکۆرت دەکات

10:27 - 12 پووشپەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی حەفتەی ڕابردوو دامەزراوەیەکی نوێی ڕادارییان لە ئێران لەنێو بردووە و تاران لە توانای چاوەدێریی ئاسمانی بێبەش کراوە.

ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "CNBC" ئاشکرای کرد کە واشنگتۆن ئۆپەراسیۆنی شەوانەی بە تەواوی نهێنی بۆ پاراستن و ئیسکۆرتکردنی نەوتهەڵگرەکانی لە باشووری کەنداودا ئەنجام داوە.

سەرۆککۆماری ئەمریکا وتی: "ئێمە هەموو شەوێک کەشتییەکانمان لە ڕێگەی باشوورەوە دەگواستەوە کە دوورترین خاڵە لە چەکە بچووکەکانی ئەوان. کەشتییەکان بۆ مانگ و نیوێک بە گڵۆپی کوژاوەوە بە درێژایی کەناراوەکان دەڕۆشتن."

ترامپ ئاماژەی بەوە دا کە تەنیا لە یەک شەودا ئیسکۆرتی ٢٢ نەوتهەڵگریان کردووە بە بێ ئەوەی کەس پێی بزانێت.

ترامپ هەروەها ئیدیعای کرد کە ئەمریکا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی ڕاداریی ئێران و وتی: "ئەوان ناوەندێکی نوێ و باشی ڕادارییان هەبوو کە ئامادەی بەکارخستن بوو، بەڵام حەفتەی ڕابردوو تەقاندمانەوە و ئێستا دەبێت بۆ جاری سێیەم هەموو شتێک لە سفرەوە دەست پێ بکەنەوە."