ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکا لە زاری دوو بەرپرسی ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، ئەگەر ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی توندتر ببنەوە، قۆناغی داهاتووی هێرشەکانی تاران، تێلاڤیڤیش دەگرێتەوە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکان، ئەگەر دۆناڵد ترامپ هەڕەشەکانی بباتە سەر و تاران یان ژێرخانەکانی ئێران بکاتە ئامانج، ئێران بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و داواکردن لە حوسییەکان بۆ گەمارۆدانی دەریایی گەرووی بابولمەندەب وڵام دەداتەوە.
لە ڕەوتی خولی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە ١٣ شەوی بەردەوامە، ئیسرائیل بەشداریی نەکردووە و تاران وڵامی نەداوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل جەخت دەکەنەوە ئاستی ئامادەیی سەربازییان بۆ بەرزترین ئاست بەرز کردووەتەوە.
لەو پەیوەندییەدا، یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداریی دایە تاران کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل، وڵامێکی سەختی بەدوادا دێت.
کاتس وتی: "ئێمە خۆمان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە دەکەین. ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، زەبرێکی قورسی بەردەکەوێت."