دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" بە فەرمی بڵاوی کردەوە، هەر جۆرە زیانێک کە بەر کەشتییەکان، بارەکانیان یان هەر شتێکی پەیوەندیدار بکەوێت، لەو داراییانەی ئێران دەدرێتەوە کە لەژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی ئەمریکادان.
ترامپ جەختی کردەوە ئەم بڕیارە وەک بەیاننامەیەکی فەرمی بەکار دەهێنرێت و ئاماژەی بەوە کرد، تەنانەت ئەگەر ئاستی زیانەکان زۆر گەورەش بێت، ئەم هەنگاوە بە دادپەروەرانە و ڕەوا دەزانێت.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆککۆماری ئەمریکا دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە پێشتر لە هەمان ڕۆژدا هۆشداریی دابووە ڕێژیمی ئێران، ئەگەر حوسییەکانی یەمەن جارێکی تر هێرش بکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، واشنگتۆن کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆ دەزانێت و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سەخت دژی تاران و حوسییەکان ئەنجام دەدات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە وڵامی هۆشدارییەکەی ترامپ بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی کەشتییەکان لە داراییە بلۆکەکراوەکانی تاران، ڕایگەیاند کە دەسبەسەرداگرتنی دارایی وڵاتێک ڕێچکەیەکی مەترسیدار و ئاڵۆزیخوڵقێن دێنێتە ئاراوە.