کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی دڕۆنیی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەولێر، بەحرەین، کوەیت و ئۆردۆن

14:27 - 2 گەلاوێژ 2726

ڕاگەیاندنی گشتیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢ی گەلاوێژ زنجیرەیەک هێرشی دڕۆنییان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین، کوەیت ئۆردۆن ئەنجام داوە.

بەپێی بەیاننامەکە، لە بنکەی "شێخ عیسا" لە بەحرەین کۆگاکانی سووتەمەنی، ئامێرە سەربازییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکا کراونەتە ئامانج؛ هاوکات لە بنکەی "ئەلەزرەق" لە ئۆردۆن، شوێنی فڕۆکەکان و بنکەکانی چاککردنەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکان پێکراون.

لە بەرانبەردا، وەزارەتی نێوخۆی بەحرەین کە وڵاتەکەی مەڵبەندی ناوگانی پێنجەمی هێزی دەریاییی ئەمریکایە، چالاکبوونی زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە سەرانسەری وڵاتەکەیدا ڕاگەیاند و داوای لە هاووڵاتییان کرد پێبەندی ڕێنمایییە ئەمنییەتییەکان بن و بچنە نزیکترین پەناگە.

لەلایەکی ترەوە، ئەرتەشی ئێران ڕایگەیاند بە دڕۆن هێرشی کردووەتە سەر کۆگاکانی ئامێری سەربازی و شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەکانی "ئەلعەدیری"، "ئەلدۆحە" و "عەریفجان" لە کوەیت.

هاوکات بەیانیی ڕۆژی هەینی، لە ڕێگەی لانیکەم سێ دڕۆنێکەوە هێرش کرایە سەر هەولێر، کە ئەو هێرشانە لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە لە ئاسماندا پووچەڵ کرانەوە و بەهۆیەوە ئاگر لە بەشێکی پووش و پاوانی سنووری گوندی "گەزنە" لە پارێزگای هەولێر کەوتووەتەوە.