(هەڵسەنگاندنی دۆخی مەیدانی و ئەرکەکانی هاوپەیمانی)
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ڕای گشتی و ئازادیخوازان!
لە کاتێکدا دۆخی سیاسی و ژێئۆپۆلەتیکی ناوچەکە و ئێران لە گۆڕان و قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گرژیدایە، کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٣ی ژووئیەی ٢٠٢٦) لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنەی دۆخەکەدا بەڕێوە چوو.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا پێکهات کە هاوکێشە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکانی ئێران تووشی گۆڕانکاریی قووڵ بوونەتەوە و کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دواپەنا بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە نێوخۆییەکانی، زیاتر لە جاران پەرەی بە تێرۆر و هێرشی ئاسمانی و زەوینی داوە.
شکست و ناکامبوونی زنجیرە دانوستانەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئامریکا، نیشانەی ڕوونی بنبەستێکی سیاسییە کە ئەم ڕێژیمەی لەپێ خستووە. سیستەمێک کە لە نێوخۆدا تووشی داڕمانی متمانەی گشتی و قەیرانی ئابووریی بێوێنە بووە، و لە دەرەوەش ناتوانێت بە دیپلۆماسی قەیرانەکانی مودیرییەت بکات. کۆی قەیرانە ئاڵۆز و بەربڵاوەکانی ڕێژیم وای لێ کردووە لە هێرشە یەکبەدوای یەکەکانی سەر حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بێت، تەنانەت بەپێی دۆخی بریندارەکانیشمان لە هێرشەکاندا، ئەگەری بەکارهێنانی «مادەی سووتێنەر یان فۆسفۆڕی سپی» زۆرە کە بێگومان ئەمە جگە لە نیشاندانی زەبوونی و داماویی زۆری ڕێژیم لەهەمبەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و هێز و وزەی شاراوەی خەڵک و حیزبەکانیان، تاوانی دژی مرۆڤایەتیشە.
مەحکومکردنی توندی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، هێرشە مووشەکی، درۆنی و زەمینییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بنکەکانی حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها ئاگادارکردنەوەیەکی ئینسانیی نییە، بەڵکوو خوێندنەوەیەکی سیاسییشە بۆ خەسارە گەورەکانی ئەم بزووتنەوەیە و شەرمەزارکردنی تاوانێکی گەورەی جەنگە. لەم هێرشە دڕندانەیەدا بزووتنەوەکەمان تێچووی قورسی بووە. ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، پۆلێک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ژمارەیەک لە گریلاکانی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون و هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگە بریندار بوون. بەڵام هەروەک گوترا ئەمە دوا پەلەقاژەکانی ڕێژیمێکە لە سەرەمەرگدایە و نیشانەی بێهیوایی و زەبوونیی ڕێژیم لە ئیرادەی پۆڵایینی نەتەوەیەکە کە لەپێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانیدا کۆڵ نادات.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای ڕێزگرتن لە یادی ئەم گیانبەختکردووانە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان، ئەم زیانانە بە خەسار بۆ تەواوی بزووتنەوەی کوردستان دەزانێت. هاوکات هاوپەیمانیی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێتەوە کە بڕیار یەکڕیزی و پێکەوەیی لەنێو بزووتنەوەی کوردستانی ئێراندا بژاردە نییە، بەڵکوو زەروورەتێکی ستراتیژییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشانە. لەلایەکی دیکەشەوە پاراستنی خاوەندارێتی لە هێزەکان و بەهێزکردنی سەقامگیریی نێوخۆیی هاوپەیمانیی بوار بۆ ئەوە دەڕەخسێنێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەوڵەکان بۆ ناساندنی دۆخی مرۆیی لە کوردستان و تاوانەکانی ڕێژیم فراوانتر بکرێن. بۆیە پێداگری لەسەر چارەسەری پرسی ڕەوای کورد لەم قۆناغەدا، بەهێزترکردنی پردی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی جیهانی لە ئاست ئەم دەستدرێژییانەدا بێدەنگ نەبێت و پشتڕاستی بکاتەوە کە خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان بۆ بەدیهێنانی مافە بنەڕەتییەکانی خۆی بەم شێوازە دڕندانەیە دانامرکێتەوە.
لە کۆتاییشدا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار بۆ بەردەوامیی هەرچی زیاتری کارە مەیدانییەکانی هاوپەیمانی درا و، ڕاگەیەندرا کە خەبات و تێکۆشانی پێکەوەیی و هاوپێوەندیی سیاسی و مەیدانی حیزبە سیاسییەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هەتا ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و بەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات درێژەی دەبێت.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
١ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٣ی ژووئیەی ٢٠٢٦)