کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی تۆڕی قاچاخی سپای پاسداران بۆ ڕەوانەکردنی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ بریتانیا

08:53 - 3 گەلاوێژ 2726

ڕۆژنامەی بریتانیایی "تێلێگراف" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە دامەزراوە ئەمنییەتییەکانەوە هەیە، لە ڕێگەی شەپۆلی کۆچبەریی نایاسایی و بەلەمە بچووکەکانەوە لە کەناڵی مانشەوە ڕەوانەی بریتانیای کردوون.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی بریتانیا چەندین کەسی ڕێکخراوە هەواڵگرییەکانی ئێرانیان لە کاتی پەڕینەوەیاندا دەسبەسەر کردووە.

قاچاخچییەکانی ئورووپا بۆ ڕۆژنامەی تێلێگرافیان ئاشکرا کردووە، ئێران هاوکاریی دەستەیەک لە کۆچبەرانی نیشتەجێی شاری "کالیێ"ی فەڕانسە دەکات بۆ ئەوەی بپەڕێنەوە بۆ بریتانیا، تا لە بەرانبەردا دوای نیشتەجێبوونیان، خزمەت بە ئامانج و بەرژەوەندییەکانی تاران بکەن.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە "یەکەی ٧٠٠ی سپای پاسداران" و وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕێگەی ئەم تۆڕانەوە کەسانی نزیک لە خۆیان دەگوازنەوە.

ئەم زانیارییانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیسی ئێران، هۆشداریی دایە بریتانیا و ڕایگەیاند تواناکانی تاران تەنیا لە بژاردە سەربازییەکاندا کورت نابنەوە.

ئەم هەڕەشەیەی ئێران دوای ئەوە هات کە ئەندی بێرنام، سەرۆکوەزیرانی نوێی بریتانیا، بۆ بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ڕەزامەندیی دەربڕیوە.