مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداریی دا کە سەبری دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران بێسنوور نییە.
ناوبراو داوای لە تاران کرد پێبەندی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی بێت و ئەو ڕێژیمەی بە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی جیهان تۆمەتبار کرد.
واڵتز ڕایگەیاند: "ناتوانم بەو ڕادەیەی کە پێویستە جەخت لەوە بکەمەوە کە دەرفەتێکی ئەرێنی و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بۆ ئێران لەسەر مێزەکە هەیە، بەڵام سەبری سەرۆککۆماری ئەمریکا، بێسنوور نییە."
واڵتز هەروەها وتی، ئێران دەبێت پێبەندی بەڵێنەکانی بەرانبەر بەم شۆرایە بێت و ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو ڕێژیمە بەرپرسیار بکاتەوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: :جیهان ناتوانێت لەسەر ئازارچێشتن بەردەوام بێت؛ ئێران دەبێت پێبەندی ئەو بەڵێنانە بێت کە ئەم شۆرایە بێ هیچ دژایەتییەک دەنگی پێداون و جیهانیش پێویستە ئەم ڕێژیمە وڵامدەر بکات."