کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا تۆڕی بازرگانیی بابەک زەنجانی سزا دا

09:06 - 3 گەلاوێژ 2726

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر تۆڕێک لە شیرکەت و کەسایەتییەکانی پەیوەندیدار بە بابەک زەنجانی، سەرمایەدار و بازرگانی ئێرانی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکانی واشنگتۆن سەپاند.

وەزارەتی خەزێنەداری ڕایگەیاند کە ۹ شیرکەت و ٤ کەس خراونەتە لیستی ڕەشەوە، کە تێیدا گرووپی هۆڵدینگی "دات وان" و شیرکەتەکانی ژێردەسەڵاتی لە بوارەکانی بەرهەمهێنانی شمشی زێر، گواستنەوەی هێڵی ئاسن، فڕۆکەوانی و گەشتیاری دەگرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم تۆڕە مامەڵەی دراوی دیجیتاڵی، بازرگانیی زێڕ و خزمەتگوزاریی دارایی بۆ گواستنەوەی نهێنیی سەرمایە بۆ ئێران بەکار هێناوە.

سزاکان چەند کۆمپانیایەک لە تورکیە و ئێمارات دەگرنەوە کە خزمەتگوزارییان بە سەڕافییەکانی دراوی دیجیتاڵی زەنجانی داوە.

لە نێو سزادراواندا شیرکەتێکی بازرگانیی ئەڵماس لە دوبەی، بەهارە مورتەزا زەنجانی (خوشکی بابەک زەنجانی) و سوڵماز بەنی (هاوبەشی بازرگانیی زەنجانی) هەن.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی لە بەردەوامیی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی ئابووریی بەرپرسانی ئێران کردەوە.

پێشتریش ئیدارەی کۆنتڕۆڵکردنی سەرمایە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا (OFAC) لە ژانویەی ٢٠٢٦دا سزای بەسەر زەنجانی و دوو سەڕافیی دراوی دیجیتاڵیدا سەپاندبوو.