کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا کەشتییەکی لەکار خست کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆی سەر ئێرانی دەدا

09:29 - 3 گەلاوێژ 2726

هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، تەقەیان لە کەشتییەکی بازرگانی کردووە کە هەوڵی دابوو گەمارۆ سەپێنراوەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران بشکێنێت.

تیم هاوکینز، وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، ڕۆژی شەممە ٣ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی لە دەریای عومان ڕێگرییان لە نەوتهەڵگری "ئێم تی لاڤین" کردووە و وەستاندوویانە.

بەپێی وتەی هاوکینز، ئەم کەشتییە لانیکەم چوار جار هەوڵی دابوو گەمارۆکە بشکێنێت.

وتەبێژەکەی سێنتکام جەختی کردەوە کە پێشتر هۆشداری درابووە خەدەمەی کەشتییەکە، بەڵام بەهۆی پێبەندنەبوونیان بە فەرمانەکانەوە، ئەرتەشی ئەمریکا تەقەی لە ژووری ماتۆرخانەی کەشتییەکە کردووە و لەکاری خستووە.

ئەمە دووەم کەشتیی بازرگانییە کە لە دوای سەپاندنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی ئەمریکا لەکار دەخرێت.

پێشتریش سێنتکام ڕایگەیاندبوو کە ڕێڕەوی ١٢ کەشتیی دیکەی گۆڕیوە کە هەوڵیان دابوو گەمارۆکە بشکێنن.

ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە کە سپای تێرۆریستیی پاسدارانیش ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو، ڕێگرییان لە تێپەڕبوونی سێ نەوتهەڵگر لە گەرووی هۆرمۆز کردووە.