ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لەزاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، دەزگا ئەمنییەتییەکانی واشنگتۆن لەسەر ئەو بڕوایەن کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ڕێژیمی ئێران، زیاتر لە عەلی خامنەیی باوکی، ئارەزوو و تەماحی بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان نیشان دەدەن کە موجتەبا خامنەیی و بەرپرسە توندڕەوەکانی دەوروبەری، کە دوای کوژرانی کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی پێشووی ڕێژیم دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، بەدوای دروستکردنی چەکێکی ئەتۆمیی سەرەتایی نین، بەڵکوو بەدوای پەرەپێدانی کڵاوەی ئەتۆمیی پێشکەوتوون تا لە داهاتوودا لەسەر مووشەکی دوورهاوێژ جێگیری بکەن.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆربەی ئەم زانیارییانە پەیوەستن بە پێش دەستپێکردنی شەڕەوە. موجتەبا خامنەیی لە ڕۆژی یەکەمی شەڕدا بەسەختی بریندار بووە و تا ئێستا هیچ دیمەن یان دەنگێکی بڵاو نەکراوەتەوە و سەرباری ئەوەی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەڵام هێشتا نفووزی تەواوی باوکی بەدەست نەهێناوە.
کاربەدەستانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە هێشتا هیچ ئاماژەیەک لە دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکان نەبینراوە، ئەگەرچی تاران دوای هێرشەکانی ئەمریکا هەوڵی پاراستنی کەلوپەلە ئەتۆمییەکانی داوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەڵسەنگاندنە هاوكات بوو لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەگەری توندترکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە ڕێژیمی ئێران لەلایەن ترامپەوە.
نیویۆرک تایمز نووسیویەتی دەرئەنجامی دەزگا هەواڵگرییەکان سەبارەت بە ئەگەری ئارەزووی ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی، دەکرێت بێتە پاساوێکی دیکە بۆ فراوانکردنی هێرشەکانی ئەمریکا.