کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاوسان لە ئێران بووەتە دیاردەیەکی سەرانسەری و پێکهاتەیی

10:41 - 3 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە کۆنفرانسی "دوورەدیمەنی ئابووریی ئێران لە ساڵی ١٤٠٥"دا بڵاو کراوەتەوە، هەڵاوسان لە ئابووریی ئێراندا سنووری بەرزبوونەوەی نرخی لە چەند بازاڕێکی دیاریکراو تێپەڕاندووە و بووەتە دیاردەیەکی گشتگیر.

حوسێن تەوەکولیان، شارەزای ئابووری و بەڕێوەبەری شیرکەتی بەڕێوەبردنی سەرمایەی بازاڕی دارایی، ڕایگەیاند کە هەڵاوسان چیدی تەنیا بەشەکانی وەک خۆراک و نیشتەجێبوون ناگرێتەوە، بەڵکوو گەیشتووەتە سەرجەم ٢٣ گرووپە سەرەکییەکەی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان.

بە وتەی تەوەکولیان، ڕێژەی ئەو گرووپانەی هەڵاوسانی مانگانەیان لە ٣٪ تێپەڕیوە، لە ساڵی ١٤٠٥دا نزیکبووەتەوە لە ١٠٠٪.

ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ۱۳۹۷ــەوە بازنەی هەڵاوسان بەردەوام بەرفراوان بووە و لە ساڵانی ١٤٠٤ و ١٤٠٥دا تەواوی بەشەکانی ئابووری وەک پەروەردە، تەندروستی، گواستنەوە و پەیوەندییەکانی گرتووەتەوە و ئەمەش توانای جێگرەوەی کەلوپەلەکانی لە بنەماڵەکان بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان سەندووەتەوە.

تەوەکولیان جەختی کردەوە کە بەهۆی پێکهاتەییبوونی هەڵاوسانەوە، دەستێوەردانی کاتی و کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان لە بازاڕە تاکەکەسییەکاندا کارایی خۆیان لەدەست داوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم بارودۆخە تەنیا ڕێگەی چاکسازیی بنەڕەتی لە سیاستی دارایی مسۆگەر دەبێت، ئەگەرنا دابەزینی دەسەڵاتی کڕینی بنەماڵەکان بەردەوام دەبێت.