پێت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ وێس ستریتینگ، وەزیری بەرگریی بریتانیا، داوای کردووە لەندەن میوانداریی کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بکات بۆ پاراستنی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆزدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بڕیارە حەفتەی داهاتوو ئەم کۆبوونەوە ئاستبەرزە بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوا و ناوچەکە ڕێک بخرێت.
ئەمریکا دەیەوێت لەسەر بنەمای راوێژکارییە چەند مانگییەکانی بریتانیا و فەرانسە لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بچێتە پێشەوە و داوای لە هاوپەیمانەکانی کردووە کەشتیی مینهەڵگر، کەشتیی شەڕکەر و دڕۆن ڕەوانەی ناوچەکە بکەن، بەڵام تا ئێستا وڵاتانی وەک ئاڵمان، ئێسپانیا و ئیتالیا بەشداریی سەربازییان ڕەت کردووەتەوە.
ئەم هەوڵانە لەکاتێکدان کە نزیکەی ٦٠٠ کەشتی و ١١ هەزار خەدەمە لە کەنداو گیریان خواردووە و لە سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠ کەشتیی بازرگانی هێرشیان کراوەتە سەر.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداری داوە لە بەرانبەر هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکان، ژێرخانی ئێران دەبێتە ئامانج.
لە بەرانبەردا محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە دۆخی گەرووەکە ناگەڕێتەوە بۆ پێش شەڕ و هاوکات شاندێکی عومان بۆ تاوتوێکردنی کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز گەیشتووەتە تاران.