کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی سەربازیی وڵاتانی عەرەبی: ئۆپەراسیۆن لە دژی حوسییەکان کۆتایی هات

10:51 - 3 گەلاوێژ 2726

هاوپەیمانیی سەربازیی بە ڕێبەرایەتیی عەرەبستان ڕایگەیاند کە لە دژکردەوە بە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، بنکەکانی ئەو گرووپە کرانە ئامانج و کۆتایی بەو ئۆپەراسیۆنە هات.

تورکیەلمالکی، وتەبێژی هاوپەیمانی، لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ڕایگەیاند کە حوسییەکان کەشتیی بازرگانییان کردووەتە ئامانج و لە دژکردەوەدا، وڵامێکی لێبڕاوانە و بەهێزمان دایەوە.

بە گوێرەی ئەو بەیاننامەیە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئەو بنکانە کراونەتە ئامانج کە بۆ لێدان لە کەشتییە بازرگانییەکان کەڵکیان لێ وەرگیراوە.

گرووپی چەکداریی حوسییەکان ئەو هێرشەی پشتڕاست کردەوە و  ڕایانگەیاند کە عەرەبستان هێرشی کردووەتەوە سەر شاری کەناراویی حودەیدە و بەو هۆیەوە دوو کەس کوژراون.

عەرەبستان ساڵی ٢٠١٥ هاوپەیمانیی سەربازیی وڵاتانی عەرەبی بەمەبەستی شکستدانی حوسییەکان پێکهێنا و وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانییە بریتیین لە: کوەیت، ئێمارات، بەحرەین، میسر، مەراکش، ئۆردۆن، سوودان و سێنێگاڵ.

گرووپی حوسییەکانی یەمەن گرووپێکی تێرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە و ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە نائارامی و ناسەقامگیریی زیاتری ناوچەکە بە گشتی و یەمەن بە تایبەتی.