ڕاپۆرتی ئاماریی نوێی "تۆڕی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی بەلووچستان" ئاشکرای دەکات کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، لانیکەم ٩٢ هاووڵاتیی بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان، سەرکوتکردنی نەڕەزایەتییەکان و تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوە و ١٠ی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ٢٠ کەس لە گیانبەختکردووان لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ڕابردوودا کوژراون کە منداڵێکی ١١ ساڵە و کچە خوێندکارێکی زانکۆیان تێدایە.
لە کۆی گشتیی قوربانیانیشدا، ١١ منداڵی خوار ١٨ ساڵ هەن و هەروەها ٦ هاووڵاتی، لەوانەش دوو منداڵ، بەهۆی مینە چێندراوەکانی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکاندا گیانیان لەدەست داوە.
لەو ماوەیەدا، ١٢ حاڵەتی هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان تۆمار کراوە؛ لە چوار حاڵەتدا تەقەی ڕاستەوخۆ بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دانیشتووان و لە حاڵەتێکی دیکەشدا بەهۆی ئەشکەنجەدانی ژنێکی دووگیان، منداڵەکەی لەبار چووە.
هەروەها ٨ ژن لە ناڕەزایەتییەکانی پەیوەندیدار بە کانگای زێڕی تەفتان و کرۆمیتی فاریاب بریندار بوون.
ئەم ناوەندە لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕایگەیاندووە کە لەم شەش مانگەدا، لانیکەم ٤٣٤ هاووڵاتیی بەلووچ، لەوانەش ژنان، منداڵان و کەسانی بێ ناسنامە، لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.