کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قووڵبوونەوەی کەلێنی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم

13:47 - 3 گەلاوێژ 2726

لە نوێترین پێشهاتەی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ڕێژیمدا، وەزارەتی زانیاری و میدیایی دەوڵەتی پزیشکییان، بە توندی ڕەخنەی لە ڕادیۆ و تلویزیۆنی فەرمیی ڕێژیم گرت و بە "سانسۆرکردنی لێدوانەکانی سەرۆککۆمار" تاوانباری کرد.

ئەمڕۆ شەممە ٣ی گەلاوێژ، ئەو وەزارەتەی ڕێژیم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لابردنی بەشێک لە لێدوانەکانی مەسعوود پزیشکییان سەبارەت بە دانوستانەکان لە ڕۆژی نیشتمانیی پیشەسازی و سەرچاوەکاندا، کارێکی نائاساییە و بۆ قەبووڵکردن نابێ.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پێشتریش هاوشێوەی ئەم کارە بەرانبەر بە قسەکانی سەرۆکی مەجلیس و سەرۆکی دەزگای داد ئەنجام دراوە".

لە بەرانبەردا، دەزگای ڕادیۆ و تلویزیۆنی فەرمیی ڕێژیم ڕاگەیەندراوەکەی ئەو وەزارەتخانەیەی پزیشکییانی بە "تۆمەتبارکەر" ناو بردووە و ڕایگەیاند: "ئەرکی ئەوان پاراستنی یەکڕیزی و ڕێگریکردن لە نیشاندانی جیاوازیی هەڵوێست لە نێوان بەرپرسانی باڵادایە".

هەروەها باس لەوەش کراوە کە لەم قۆناخە هەستیارەدا پێویستە وێنەیەکی یەکگرتوو لە دەسەڵاتداریی ڕێژیم پێشان بدرێت و ڕێگری لە هەر جۆرە دووبەرەکییەک بکرێت.

ئەم گرژی و ململانێ نێوخۆییانەی باڵەکانی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە دەوڵەت داوای ڕوونکاری لە گواستنەوەی گوتارەکان بەتایبەت پرسی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەکات، بەڵام دەزگای ڕادیۆ و تلویزیۆن دەڵێت کارەکانی لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان و ڕێنوێنییە یاساییەکاندایە.

ئەو ملمانێیانە تایبەت بەو دوو وەزارەت و ناوەندەی ڕێژیم  نییە و پێشتریش حوسێن موحێبی وتەبێژی سپای پاسداران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "دانشجوو"، مەسعوود پزیشکییانی بە "درۆزن" ناو بردبوو.

ئەو گرژییەی نێو پێکهاتەکانی ڕێژیم لە ئاستێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترامپ ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی تارانی ڕایانگەیاندبوو کە هێشتا ناکۆکی لە نێوان لایەنە جیاوازەکانی ڕێژیمی ئێراندا هەیە و ئەوەش هۆکاری سەرنەگرتنی دانوستانەکانە.

لە دۆخی هەنووکەیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا کە قەیرانەکانی ئابووری، لەدەستدانی ڕەوایی نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی، لاوازیی پێکهاتەیی سەربازی و سیاسیی بەبۆنەی دۆخی شەڕ و گەمارۆی دەریایی بەرۆکیان گرتووە، ناکۆکییە نێوخۆییەکانیش زیاتر لە هەموویان پێکهاتە بنچینەیی و بنەڕەتییەکانی ڕێژیمی لە ئاستی باڵادا گرتووەتەوە و لە ئێستادا بە زەقترین خاڵی لاوازی ئەو ڕێژیمە بە ئەژمار دێت.