کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زێلێنسکی: ئۆکراین هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەریای خەزەر

14:28 - 3 گەلاوێژ 2726

سەرۆککۆماری ئۆکراین ڕایگەیاند هێزەکانی وڵاتەکەی لە هێرشە دوورهاوێژەکانیاندا لە دەریای خەزەر، ئەو کەشتییانەیان کردووەتە ئامانج کە بۆ گواستنەوەی بارە سەربازییەکانی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە بەکار دەهێنران.

وێلادیمێر زێلێنسکی ڕۆژی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، ئەم هێرشانە ئەنجامی زۆر گرنگیان هەبووە و کەشتییەکی شەڕکەری ڕووسیەش کراوەتە ئامانج. ناوبراو زانیاریی زیاتری نەداوە و ڕووسیەش هیچ کاردانەوەیەکی نیشان نەداوە.

دەریای خەزەر ڕێڕەوی سەرەکیی گواستنەوەی بارە سەربازییەکان لە نێوان ڕێژیمی ئێران و ڕووسیەدایە. ئەمریکا لەم دەریایە داخراوەدا نە بوونی دەریایی و نە توانای پشکنینی کەشتییە گومانلێکراوەکانی هەیە.

ئۆکراین پێشتریش لەم دەریایەدا هێرشی لەو جۆرەی ئەنجام داوە و پێشتر کەشتیی "پۆرت ئۆلیا-٤" لەگەلاوێژی ١٤٠٤ لە کاتی گواستنەوەی دڕۆنی شاهید-١٣٦ و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیە، کرایە ئامانج و تێکشکێنرا.

هەروەها لە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤، دوو کەشتیی سزادراو لەلایەن ئەمریکاوە، لە نزیک کەناراوەکانی کالمیکیا کرانە ئامانج.