ڕۆژی پێنجشەممە، یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی سێ چالاکی دیاری ژینگەیی سنە بە ناوەکانی "حەمید مورادی"، "چیاکۆ یووسفینژاد" و "خەبات ئەمینی"، لە گۆڕستانی "بەهەشتی محەممەدی" لە شاری سنە بەڕێوە چوو.
ئەم ڕێوڕەسمە بە دروشمی "هاوڕێیانی کۆچکردوو، ڕێگەتان بیرهێنەرەوەی بەرپرسیارێتیمانە بەرانبەر بە سروشت و ژیان" و بە ئامادەبوونی بنەماڵەی کۆچکردووان، چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی و کۆمەڵێک لە خەڵکی ناوچەکە بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا، گۆرانی و شێعر لەلایەن هونەرمەندانی ژن و پیاوەوە بە یادی ئەو چالاکوانانە پێشکەش کران و لە کۆتاییشدا چەندین کۆتر وەک هێمای ئاشتی و وەفا بۆ یادیان ئازاد کران.
ساڵی ڕابردوو لە ڕەوتی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە کێوی "ئاویەر" لە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤دا، چەندین چالاکی ژینگەیی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا تووشی سووتانی قورس بوون.
بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە، حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفینژاد و خەبات ئەمینی بەدوای یەکتردا لە ڕۆژانی ٣، ٥ و ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤ گیانی خۆیان فیدای ژینگەی کوردستان کرد.