کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئۆتریش سەردانی ئەندام پارلەمانێکی ئەو وڵاتەی کرد

14:37 - 3 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی هەینی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥ (٢٤/٧/٢٠٢٦)  محەممەد فەقێ‌عەلی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش، سەردانی پاول شتیش ئەندام پارلەمانی وڵاتی ئۆتریش لە سەر لیستی حیزبی سۆسیال دێموکراتی لە دەفتەری کاری لە پارلەمان کرد.

ئەم دانیشتنەدا نوێنەری حیزب باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر کوردستان بەگشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەباتی ئازادیخوازانەی کرد و باسێکی چڕوپڕی لەسەر ئێران و بە تایبەتی هێرشەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر هێزە کوردستانییەکانی دژبەری لە باشوری کوردستان و شەهید بوون و برینداربوونی دەیان کەس لە تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات و ئەندامانی بنەماڵەکانیان لەم دەستدرێژییەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەیکاتە سەر خاکی وڵاتێکی دراوسێ هێنایە گۆڕێ .
نوێنەری حیزبلە باسێکی گشتیی لەسەر کوردستان و کورد بەگشتی، بەتایبەتی لەسەر ڕۆژهەڵات و کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ئاستی وڵاتی ئوتریش کرد و لەم باسەدا وەبیر پارلەمانتاری حیزبی سۆسیال دێموکراتی هێنایەوە کە ئەمساڵ ٣٧ ساڵەی شەهیدکردنی ڕێبەری لێهاتوو د. قاسملوو و هاوڕێیانی بوو، کە لەو وڵاتە بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر مێزی وتوێژ شەهید کرا و بەداخەوە دوای ٣٧ ساڵ، هێشتا دامودەزگای پەیوەندیدار لەو وڵاتە بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوەن و ڕێگای دروستی دادوەری و لێکۆڵینەوەیان هەروا بە داخراوی هێشتووەتەوە.
لە درێژەی باسەکاندا لەسەر ئێستای ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕخوازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، محەممەد فەقێ‌عەلی وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا، بەداخەوە هیچکات هەنگاوێکی بۆ خزمەتکردن بە گەلانی ئێران هەڵنەهێناوەتەوە بەڵکوو تەواو بە پێچەوانە، تەواوی سەرمایە و داهاتی ئەو وڵاتەی خستووەتە خزمەتکردن بە توندئاژۆیی ئیسلامی و لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەدا هێزی سەربازی و دەست و تاقمی تێرۆریستی و گێرەشێوێنی دروست کردووە و بەم شێوەیە بۆتە ناوندێکی نائارامی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا و بە هۆی هەوڵدانی بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات و مووشەکی دوورهاوێژی هەبێت، لەم پێناوەدا نە گەلانی ئێرانی بۆ گرینگ بوو نە نۆرم و یاسا نێونەتەوەییەکانی وەبەرچاو گرت تا سەرنجام ئەم شەڕ و پێکدادانەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لێکەوتەوە کە تەنیا ماڵوێرانی، بەدبەختی و وێرانی بۆ خەڵک وڵاتەکەی بەدواوەیە.
بەڵام ئەم شەڕە بەرهەمی ئەو سەرەڕۆیی و ترس و دڵەڕاوکێیانەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خەڵکی خۆی و هەروەها وەک هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی جیهانی هێناویەتە ئاراوە.
پاول شتیش وێڕای سپاس و دەستخۆشی بۆ ئەو سەردانە هیوای خواست، کە لە داهاتووشدا لەم شێوە دانیشتنانە لە نێوان ئەو و نوێنەرایەتی حیزبنێوە نێوە هەبێت بۆ ئەوەی زانیارییەکان لە سەرچاوەیەکی جێگای باوڕ و متمانەوە بگەنە دەست پارلەمانتەران و حیزبی سۆسیال دیمۆکرات.
هەروەها بەڵینی دا کە لە پاییزی داهاتوودا دوای دەستبەکاربوونەوەی پارلەمان ئاوڕێک لە پێشنیارەکانی نوێنەری حیزب دەداتەوە و پێوەندیی لەگەڵ دەگرێتەوە.