دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئامریکا ڕۆژی هەینی لە پشت دەرگا داخراوەکاندا لەگەڵ ڕاوێژکارانی باڵا و ئەندامانی کابینەکەی کۆ بووەوە تا تاوتوێی بژاردە سەربازییەکان بکات، لەوانەش بەرفراوانکردنی بەرچاوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئامریکا وەک "نیویۆرک تایمز" و "سی ئێن ئێن"، ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە واشنگتۆن دوای هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەست گەیشتووەتە خاڵێکی وەرچەرخان.
ترامپ ڕۆژی هەینی لە وڵامی هەواڵنێران ڕایگەیاند ئامریکا تەواو پڕچەک و ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی قورستر، بەڵام هاوکات گفتوگۆکانیش بەردەوامن و لایەنی ئێرانی جیددیتر بووەتەوە.
ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدان کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئامریکا ئاماژە بەوە دەکەن موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران، ئارەزوویەکی زۆر زیاتری بۆ دەستگەیشتن بە کڵاوەی ئەتۆمیی پێشکەوتوو هەیە، کە ئەمەش دەکرێت ببێتە پاساوێک بۆ فراوانکردنی هێرشەکان.
سەرەڕای ئەوەی بەرەبەیانیی شەممە هێمنییەکی ڕێژەیی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی لەگەڵ ترامپ کۆ ببێتەوە، کە پێدەچێت بڕیاری کۆتایی لەسەر داھاتووی ڕووبەڕووبوونەوەکان بدەن.