کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکان دوو دامەزراوەی نەوتیی ئارامکۆیان لە عەرەبستان کردە ئامانج

08:57 - 4 گەلاوێژ 2726

گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند کە دوو دامەزراوەی نەوتیی ئارامکۆی عەرەبستانیان لە شارەکانی یەنبەع و جیزان لە کەناراوەکانی دەریای سوور کردووەتە ئامانج.

یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێزەکانیان دوو ئۆپراسیۆنی سەربازیی سەرکەوتوویان بە بەکارهێنانی دەیان مووشەکی بالستیک، کرووز و دڕۆن بۆ سەر ئەو دامەزراوە هەستیارانەی گەورەترین شیرکەتی نەوتی جیهانن ئەنجام داوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هێرشە وەک وڵامێک بۆ بۆردوومانەکانی ڕۆژی هەینیی عەرەبستان بۆ سەر حودەیدە و دوورگەی کەڕامان بووە.

سەرچاوە ناوچەییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ڕۆژی هەینی دەنگی تەقینەوە لە ئامانجە دەریاییەکانی حوسییەکان لە حودەیدە بیستراوە.

یەنبەع گرنگترین بەندەری هەناردەکردنی نەوتی عەرەبستانە لە دەریای سووردا و ڕۆژانە چەند میلیۆن بەرمیل نەوتی لێوە بار دەکرێت و پاڵاوگەی جیزانیش توانای پاڵاوتنی ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.

لە وڵامی ئەم هێرشانەدا، هێزی ئاسمانیی دەوڵەتی یاسایی یەمەن کە لەلایەن عەرەبستانەوە پشتیوانی دەکرێت، بنکەکانی هەڵدانی مووشەک و دڕۆن و کۆگاکانی چەکی حوسییەکانی لە پارێزگاکانی مەئریب و جەوف بۆردوومان کرد.

هاوپەیمانیی سەربازی بە ڕێبەرایەتیی عەرەبستان هەروەها هەواڵی هێرشکردنە سەر مۆڵگەکانی حوسییەکانی لە بەندەری حودەیدە ڕاگەیاند.