کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئاو لە ئێران: ٣٤ میلیۆن کەس لەژێر گوشاری قەیرانی ئاودان

09:01 - 4 گەلاوێژ 2726

ئامارە نوێیەکانی ڕەوشی بەنداوەکانی ئێران تا کۆتایی پووشپەڕی ١٤٠٥ نیشانی دەدەن کە سەرەڕای زیادبوونی ڕێژەی بارانبارین بە ڕێژەی ٦١٪ لە ساڵی ئاویی ئێستادا، ١٢ پارێزگای ئەو وڵاتە لە دۆخی قەیرانی ئاودان و پێدەچێت لە مانگەکانی داهاتوودا ڕووبەڕووی کێشەی جیددیتر ببنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی وزەی ئێران، لە ئێستادا ٦٢٪ی توانای کۆگاکردنی بەنداوەکان پڕ بووەتەوە، بەڵام ٩ بەنداوی گرنگی ئێران کەمتر لە ٢٠٪ی ئاوی تێدا ماوە.

بەرپرسانی ناوچەکە جەخت دەکەنەوە کە شەپۆلی نوێی بارانبارین نەیتوانیوە قەرەبووی وشکەساڵیی بەردەوامی شەش ساڵی ڕابردوو بکاتەوە.

ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ۳٤ میلیۆن کەس لە ٥٨ شاری ئێراندا ببنە قوربانیی کەمئاوی یان ئەوەی کە پێی دەوترێت قەیرانی ئاو.

شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەساتە ژینگەییە، نەک تەنیا وشکەساڵی، بەڵکوو بەڕێوەبردنی نادروست، بەنداوسازیی بێ‌بەرنامە، پەرەپێدانی پیشەسازییە ئاوخۆرەکان لە ناوچە وشکەکان و هەڵکەندنی بیری قووڵی نایاساییە کە سەرچاوە ژێرزەوییەکانیانی وشک کردووە.

هەروەها، کۆماری ئیسلامی لەجیاتی داڕشتنی بەرنامەی کورتخایەن و درێژخایەنی زانستی، سەرجەم بەرپرسیایەتییەکەی خستووەتە سەر شانی هاووڵاتییان و داوای کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ماڵان و قەدەغەکردنی کشتوکاڵ دەکات.