کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویۆرک پۆست: ئەمریکا تاوتوێی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بۆ گواستنەوەی ئۆرانیۆمی ئێران دەکات

09:03 - 4 گەلاوێژ 2726

ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە ئەمریکا ڕێکارەکانی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بۆ دەسبەسەرداگرتن و هێنانە دەرێی کۆگاکانی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران تاوتوێ دەکات؛ ئۆپەراسیۆنێک کە شارەزایان بە "ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی مێژوو" ناوی دەبەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، جێبەجێکردنی ئەم پلانە پێویستی بە ناردنی هەزاران سەربازی زەمینی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و دابینکردنی ئەمنییەتی دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکان هەیە.

دواتر، تیمە تایبەتەکان، لەوانە "یەکەی ٢١ی تەقەمەنی"، ئەرکی مەترسیداری گواستنەوەی ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە بنکەکانی فۆردۆ و ئێسفەهان دەگرنە ئەستۆ.

نیویۆرک پۆست بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٥ی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نووسیویەتی، ئێران خاوەنی زیاتر لە ٢٠ هەزار پۆند ئۆرانیۆمی پیتێنراو بووە.

جۆزێف ڕاجێرز، لە ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتێژییەکان (CSIS)، ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی خاوی لە بەڕێوەچوونی گفتوگۆکاندا، بژاردەی سەربازی ڕێگەی سەرەکییە بۆ لەنێوبردنی ئەم کۆگایانە.

هاوکات ڕیچارد گۆڵدبێرگ، بەرپەرسی پێشووی شۆرای ئەمنییەتی میللیی ئەمریکا، ڕایگەیاند سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە بەستراوەتەوە بە دروستکردنی کۆریدۆڕێکی ئاسمانیی ئارام.

لە لایەکی دیکەوە، هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران لە حەفتەکانی ڕابردوودا ئەمنییەتی دەوروبەری دامەزراوەی ئێسفەهانی توندتر کردووەتەوە و تونێلەکانی بە مین و بۆمب تەنراون.

هەروەها گواستنەوەی سەدان سانتریفیوژ بۆ کۆمەڵگەی کێوی پیکاکس لە نزیک نەتەنز، وا دەکات ئامانجی سەرەکیی هەر هێرشێک تەنیا تێکدانی خێرای بنکەکە بێت، نەک گواستنەوەی ئامێرەکان.