کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتنی بەندکراوانی قزڵحەسار لە دژی سێدارە

09:10 - 4 گەلاوێژ 2726

دوێنێ شەممە ٣ی گەلاوێژ، بەندکراوانی بەشی ٢ی بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بۆ سێزدەیەمین ڕۆژی بەردەوام، درێژەیان بە مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکەیان دا.

ئەم مانگرتنە لە کاردانەوە بەرانبەر جێبەجێکردنی سزای سێدارە و گواستنەوەی شەش بەندکراو بۆ ژووری تاکەکەسی دەستی پێکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، بەندکراوانی بەشی دوو بە ڕەتکردنەوەی ژەمی خۆراکی بەندیخانە و مانگرتن لە حەوشە و هۆڵەکانی بەندەکەیاندا، ناڕەزایەتیی توندی خۆیان بەرانبەر بە سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، بەتایبەت بۆ تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەربڕیوە.

ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتییانە لە ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی پووشپەڕەوە دەستی پێکرد، کاتێک بەرپرسانی بەندیخانەکە شەش سزادراوی لەسێدارەدانیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواستەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین گرتەی ڤیدیۆیی لە ناو بەندیخانەی قزڵحەسار بڵاو بوونەتەوە کە کۆبوونەوە و سووربوونی بەندکراوان لەسەر بەردەوامیی مانگرتنەکەیان نیشان دەدەن.

هێرانا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ساڵی ڕابردووش بەندکراوانی ئەم بەندیخانەیە لە دژی ڕەوتی لەسێدارەدانەکان دەستیان بە مانگرتنی هاوشێوە کردبوو.