کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی یەکەم کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان- دیاسپۆرا

09:16 - 4 گەلاوێژ 2726

یەکەم کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان- دیاسپۆرا لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو. ئەم کۆنگرەیە لە بەشی کۆتایی کارەکانیدا ڕێزنامەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان- دیاسپۆرای پێشکەش بە مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە، سیاسەتمەدار و نووسەری گەورەی کورد و حیزبی دێموکرات کرد.

ڕۆژی شەممە، ٣ی گەلاوێژ لەژێر دروشمی "بەرەو وێژەیەکی کوردستانیی ڕەسەن و هاوچەرخ لە تاراوگە"، کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا لە وڵاتی ئەڵمان لە نزیک شاری دۆسۆلدورف، بە بەشداریی زیاتر لە دوو سەد میوان و ئەندام، لە نێویاندا هەیئەتێک لە کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ئەم کۆنگرەیە کە بە کۆنگرەی هەژار موکریانی" ناودێرکرابوو، یەکەمین کۆنگرەی ئەم فیدراسیۆنە دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ لە دامەزرانی بوو. لە ڕێوڕەسمی دەسپێکی کۆنگرەکەدا شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، نوێنەرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردی وتاریان پێشکەش کرد. هەروەها یەکیەتیی نووسەرانی ئاڵمان، یەکیەتیی نووسەرانی کورد و ناوەندی پێنی کوردی پەیامیان بۆ ئەم کۆنگرەیە ناردبوو کە پەیامەکانیان لەم بەشەدا خوێندرانەوە. هەر لەم ڕێوڕەسمەدا چەند بەڵگەفیلم لە بارەی مێژووی ئەدەب لە کوردستان، پێکهاتن و تێکۆشانی فیدراسیۆنی نووسەران و مێژووی ئەدەبی کورمانجی پێشان دران.

کۆنگرەی یەکەمی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان، بەرنامەی دوانیوەڕۆی خۆی بۆ باس لە ڕاپۆرتی فیدراسیۆن، گفتوگۆ لە بارەی پێڕەوی نێوخۆ و هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەریی نوێ تەرخان کردبوو.

پێویستە بگوترێ لە بڕگەیەکی تایبەت لە ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی کۆنگرەدا؛ دوو نووسەری ناوداری کورد، بەڕێزان مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە و جەلیلی جەلیل، بە بۆنەی تەمەنێک خزمەت بە وێژە و برەوپێدانی کولتووری کوردی ڕێزیان لێ نرا و سپاسنامەی یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانیان پێشکەش کرا.

بەو هۆیەوە کە مامۆستا حەسەنزادە بەداخەوە بۆی نەگونجابوو بەشداری ئەم کۆنگرەیە بێت، د. قادر وریا کە وەک میوان لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدار بوو، بڕوانامەکەی وەرگرت و هاوکات پەیامی پیرۆزبایی و پێزانینی مامۆستا حەسەنزادە بۆ ئەم کۆنگرەیەی خوێندەوە.